هه‌رای
کۆماری ئیسلامی بۆ خۆ دزینه‌وه له کێشه‌ی ناو‌کی
جه‌لیل
پارسابابانی
زیاتر له
مانگێکه که ئاگر به‌سی نێوان حه‌ماس و ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین که
به نێوبژیوانی ده‌وڵه‌تی میسر پێکهاتبوو کۆتایی پێ هات. حه‌ماس
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه رایگه‌یاند که ماوه‌ی ئه‌و ئاگربه‌سه درێژ
ناکاته‌وه‌و ده‌ستی کرده‌وه به مووشه‌ک هاویشتن بۆ شار‌و
دێهاته‌کانی ئیسرائیل. ئیسرائیل بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی خۆی، له
ئاسمان و ده‌ریاو زه‌وییه‌وه هێرشی کرده سه‌ر که‌رتی غه‌زه که
حه‌ماس ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ردا هه‌یه.
لێره
نامه‌وێ باسی کێشه‌ی ئیسرائیل و به تایبه‌تی حه‌ماس بکه‌م و که‌م
و زۆر کێشه‌که بۆ هه‌موو لایه‌ک روونه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی
ئێمه‌یه رۆڵی ئاژاوه‌گێڕانه‌ی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌که‌یه.
کۆماری ئیسلامی که سه‌ره‌کی ترین دابین که‌ری چه‌ک و یارمه‌تی
ماڵی به حه‌ماسه، ده‌ستی له هه‌ڵخزاندنی ئه‌م شه‌ڕه‌دا هه‌یه.
کۆماری
ئیسلامی که بۆ خۆی تووشی زۆر کێشه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ییه، له
هه‌ڵخزاندنی ئه‌م شه‌ڕه هه‌ر وه‌ک هه‌ڵخزاندنی شه‌ڕی نێوان
حیزبوڵڵا و ئیسرائیل له ژووئیه‌ی 2006دا به شوێن ئامانجه
ئیدئولوژییه‌کانی له ناوچه‌دا ده‌گه‌ڕێ.
سه‌ره‌تا با
بزانین حه‌ماس بۆ خۆی چ ئامانجێکی له هه‌ڵخزاندنی ئه‌م جه‌نگه‌دا
هه‌یه. حه‌ماس که له که‌رتی غه‌زه له گه‌مارۆی ئیسرائیل دایه
و هیچ رێگه‌یه‌کی به دنیای ده‌روه‌وه نیه بۆ هێنانی
پێداویسته‌کانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک، که دیاره ئه‌گه‌ر هه‌شبێ زیاتر
بۆ هێنانی چه‌ک وچۆڵی جه‌نگی بۆ خۆ ته‌یارکردن به دژی ئیسرائیل
که‌لکی لێ وه‌رده‌گرێ. حه‌ماس بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه به
دووی ئه‌م ئامانجانه‌دا بوو، یه‌که‌م کێشه‌که بکاته کێشه‌یه‌کی
نێوده‌وڵه‌تی و له‌و پراوێز خستنه رزگاری بێ و بیروڕای
نێوده‌وڵه‌تی بۆ کێشه‌ی غه‌زه رابکێشێ، هه‌روه‌ک دیتمان که
کوژرانی ژن و منداڵی بێ تاوان بۆ ئه‌وان جگه له ته‌بلیغات پێوه
کردن گرینگی ئه‌وتۆی نیه. لایه‌نێکی دیکه‌ی راکێشانی بیروڕای
ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی بۆ لای کێشه‌که بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ
ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی گرینگه چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی
فه‌له‌ستین له گه‌ڵ ئیسرائیله به رێبه‌ری مه‌حموود عه‌باس و
پشتیوانی له‌و ره‌وته ده‌که‌ن نه له ره‌وتی توندڕه‌وانه‌ی
حه‌ماس که هێشتا ئیسرائیلی به ره‌سمی نه‌ناسیه‌و بۆ له ناو
بردنی خه‌بات ده‌کات، حه‌ماس له‌مه‌شیان ده‌سکه‌وتی وای ده‌ست
نه‌که‌وت و هیچ وڵاتێکی عه‌ره‌بی و ئیسلامی پشتیان نه‌گرت. جگه
له وڵاتی قه‌ته‌ر نه‌بێ که پێوندی سیاسی خۆی له گه‌ڵ ئیسرائیل
راگرت. سێیه‌م راکێشانی پشتیوانی گرووپ و ده‌سته ئیسلامیه
توندڕه‌وه‌کان، که ئه‌مه‌ش له چه‌ند خۆپیشاندان و دروشم دانێک
به‌و لاو نه‌بوو.
به‌ڵام
کۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێ له خه‌رمانی ئاگر تێبه‌ر بووی خه‌ڵکی
فه‌له‌ستین گوڵه‌زێورده‌ی خۆی بکات. ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نیه، له
حاڵێک دا که زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئێران به ده‌ست کێشه
ئابوورییه‌کانه‌وه ده‌ناڵن و کۆماری ئیسلامی به لێشاو پاره‌ی
نه‌وت بۆ حه‌ماس و گرووپه‌کانی دیکه به رێ ده‌کا.
ئامانجی
سه‌ره‌کی کۆماری ئیسلامی تێکدانی ئارامی ناوچه‌که‌و دروست کردنی
سه‌رئێشه بۆ ده‌وڵه‌تانی ناوچه و رۆژئاوایه به تایبه‌تی
ئه‌مریکا. دیاره له ئالۆز کردنی دۆخی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی
ناوه‌ڕاست ده‌یه‌وێ بیروڕای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و کێشه‌یه‌کی
نوێ تر ببات و کێشه ناوکیه‌که‌ی ئه‌ویان له بیر بچێ تا ماوه‌ی
زیاتر بۆ ته‌کمیل کردنیان به ده‌ست بێنێ و، نه‌پرژێنه سه‌ر
کونترۆڵ کردن و فشار خستنه سه‌ری.
لایه‌نێکی
دیکه چه‌سپاندنی خۆی وه‌کوو هاوسه‌نگی هێز له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی
ناوه‌ڕاسته‌و هه‌ڕه‌شه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی رۆژاوا له‌و
ناوچه‌یه‌دا، کۆماری ئیسلامی به ئاژاوه‌گێڕییه‌کانی له
ناوچه‌که‌دا، لوبنان، فه‌له‌ستین، عێراق... ده‌یه‌وێ به رۆژاوا
بڵێ که بۆ چاره‌ی کێشه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه من بڕیارده‌رم و به‌و
شێوه‌یه بکه‌وێته مامه‌ڵه‌و ئیمتیاز وه‌رگرتن به تایبه‌تی بۆ
به‌رنامه ناوکیه‌که‌ی.
ورووژاندنی
بیروڕای وڵاتانی ئیسلامی و خۆ مه‌ترح کردن بۆ رێبه‌رایه‌تی کردنی
جیهانی ئیسلام بۆ دژایه‌تی کردنی دوژمنانی ئیسلام و پشتگری له
گروپ و ده‌سته ئیسلامیه‌کان، له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه.
هه‌روه‌ک دیتمان هیچ کام له وڵاتانی ئیسلامی هێنده بایه‌خیان به
هاتوهاواره‌کانی کۆماری ئیسلامی نه‌داو رێگه‌یه‌کی دیکه‌ی جیا له
کۆماری ئیسلامیان بۆ چاره‌ی کێشه‌که له پێش گرت. کۆماری ئیسلامی
باش ده‌زانێ که به بوونی ولاتانی میسر‌و عه‌ره‌بستانی سعوودی و
تورکیه ئه‌و ناتوانێ رێبه‌ری جیهانی ئیسلام بکات، له کاتێکدا که
زۆرینه‌ی موسڵمانان سونی و ئه‌وان که‌مایه‌تیه‌کی شیعه‌ن و له
باری بۆچوونیشه‌وه زۆر له یه‌کتر دوورن. جگه له ده‌وڵه‌تی
سووریه زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئێرانی شێعه وه‌کوو
هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر خۆیان ده‌زانن. له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ر
وڵاتێ و به‌رژوه‌ندی ئابووری و سیاسی و ئه‌منی تایبه‌ت به خۆی له
گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌دا هه‌یه‌و قه‌ت بۆ کێشه‌یه‌کی بچووک له
ناوچه‌یه‌کدا که وڵاتێکی ئاژاوه‌گێڕو توندڕه‌وی ئیسلامی وه‌کوو
کۆماری ئیسلامی له پشت دایه، ئاماده نابن به‌رژوه‌ندییه‌کانی
خۆیان پشت گوێ بخه‌ن. له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری
کێشه‌که دراوه‌و به‌رده‌وامه. به‌ڵام کۆماری ئیسلامی ده‌یه‌وێ
خۆی به سه‌ر جیهانی ئیسلام و ناوچه‌که‌و رۆژاواشدا فه‌رز بکات.
مه‌به‌ستی
کۆماری ئیسلامی له‌م پڕوپاگه‌نده‌یه ئه‌وه نیه که به راستی
دڵی به حاڵی ئاواره‌و کوژراو و برینداره‌کان ده‌سووتێ، ئامانجی
ئه‌و ئه‌وه‌یه که له حه‌ماس و حیبزبوڵڵاو گرووپی له‌و بابه‌ته
که له چه‌تری پشتیوانی ماڵی ئه‌ون وه‌کوو ئامرازێکی فشار دژ به
نه‌یارانی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی که‌ڵک وربگرێ و ئامانجی
ئیسترتیژایشی دامه‌زراندنی حکوومه‌تی ئیسلامی له جۆری خۆی له
وڵاتان یا ته‌نانه‌ت له به‌شێک له ناو وڵاتێکدایه وه‌کوو
ده‌سه‌ڵاتی حیزبوڵڵا له لوبنان و حه‌ماس له عه‌زه.
کۆماری
ئیسلامی له‌و ماوه کورته‌دا دوو جار نوێنه‌رانی خۆی نارده لوبنان
و سووریه تا له به‌رنامه‌ی نوێی رێبه‌ری ئێرانیان پێ راگه‌یێنن،
یه‌که‌م جار به ناو بۆ ئارام کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئالۆزییه‌و تێکه‌ڵاو
نه‌بوونی حیزبوڵڵا به‌و شه‌ڕه، به‌ڵام دووه‌م جار بۆ هانیان
هه‌روه‌ک له قسه‌کانی خالید مه‌شعه‌ل ده‌رده‌که‌وت.
له
ئاڵۆزکردنی ناوچه‌که و سازکردنی قه‌یران ئه‌وه ده‌وڵه‌تانی
به‌شدار نین که زیانیان لێ ده‌که‌وێ، نه ئیسرائیل و نه حه‌ماس و
نه سوریه‌و ئێران و... به شوێن شتی وادا ده‌گه‌ڕێن تا زیاتر
بتوانن په‌ره به ده‌سه‌ڵاتیان به سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که‌دا
بده‌ن. ئه‌وه‌ی زیانی قه‌ره‌بوونه‌کراوی لێ ده‌که‌وێ خه‌ڵکی سیڤیل
و بێ‌تاوانن که باجی شه‌ڕه‌نگێزی ئه‌و لایه‌نانه ده‌ده‌ن،
ده‌کوژرێن، بریندار ده‌بن، ماڵیان کاول ده‌بێ و ئاواره ده‌بن.
کۆماری
ئیسلامی ئه‌گه‌ر له‌وه‌ی سه‌رکه‌وتبێ که شه‌ڕه‌که‌ی سازکردووه‌و
بیروڕای جیهانی به خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه، به‌ڵام به
ئامانجه‌کانی خۆی له‌و جه‌نگه‌دا نه‌گه‌یشتووه‌و لایه‌نه
ئیسلامیه‌کان و جیهان به گشتی له فیکری رێگه چاره‌یه‌ک دا ده‌بن
و ئێران تا ئێستا وه‌ک نێوبژیوان و هاوسه‌نگ هیچ گرینگیه‌کی نیه.
ئه‌وه‌ش با بڵێین ئه‌گه‌ر ئێستا جیهانی رۆژاوا له ئاست کێشه‌ی
ناو‌کی ئێران بێده‌نگن، له به‌ر کێشه‌و شه‌ڕی غه‌زه نیه، زیاتر
هۆیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی رۆژاوا چاوه‌ڕوانی
ئۆباما ده‌که‌ن تا ده‌سه‌ڵات له کۆشکی سپی به ده‌سته‌وه بگرێ و
خۆیان له گه‌ڵ سیاسه‌تی نوێی ئه‌مریکا بۆ به گژاچوونه‌وه‌ی کێشه
جیهانیه‌کان رێک بخه‌نه‌وه.
هه‌رچه‌ند
خالید مه‌شعه‌ل ئاگربه‌سی له گه‌ڵ ئیسرائیل به چه‌ند
مه‌رجێکه‌وه گرێ داوه، که ئیسرائیل بکشێته‌وه، گه‌مارۆ له
سه‌ر غه‌زه لا بدرێ و رێگاکان بۆ گه‌یشتنی یارمه‌تی به غه‌ز
بکرێنه‌وه، به‌ڵام هه‌وڵی دیپلوماسی به‌رده‌وامه‌و سه‌ره‌نجام
ئه‌و هه‌وڵانه به ئاکام ده‌گه‌ن.